ئایا ئەزانی ئەم هێمایە چیە؟ مانای چی دەگەیێنێت؟ چ کات دروست دەبێت؟
  2020-02-16       2614     

ئەمەوێ بەوە دەست پێبکەم کە هەموو ماڵپەڕێک لە کۆمەڵێک فایل و دۆکیومێنت پێکدێت ، وە هەر فایلیک سەدان دێڕ لە کۆدی زمانێک لە زمانەکانی پرۆگرامسازی لەخۆ دەگرێت، کە ئەمەش پرۆگرام دەکرێت و دەنوسرێت لە لایەن پرۆگرامساز و دیزاینەر و گەشەپیدەرەکانی وێبەوە، جۆری کۆدەکەش دەکەوێتە سەر جۆری ئەو تەژنۆلۆژیایەی بەکار دەهێنرێت بۆ دروستکردنی ماڵپەڕەکە، بۆ نمونە من کۆدەکانی زمانێکی وەک "JSP یاخود ASPX یان PHP ..هتد " بۆ دروستکردنی ماڵپەڕ بەکاردەهێنم.

 

بەڵام ئەو داتایانەی کە لەلایەن ئەم کۆدانەوە چارەسەر دەکرێن، پارێزراو نابن ئەگەر بە پرۆتۆکۆڵێکی تایبەتی وەک " HTTPS " نەپارێزرێن و تێک نەدرێن و نەشاردرێنەوە. بەشێکی زۆر لەو داتاو زانیاریانەی کە لەنیوان ماڵپەڕ و سیستەمە ئۆنلاینەکان و بەکارهێنەرەکانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت زۆر بە ئاسانی هاکک دەکرێن و وێنە دەگیرێنەوە بەهۆی نەبونی میکانیزمی گۆنجاو بۆ تێکدانی داتاکان بە تایبەت ئەو کۆدانەی کە بەشداری دەکەن لە دروستکردنی ماڵپەڕەکان دا. 

 

ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی هاککەرەکان زۆر بە ئاسانی بتوانن بگەن بەو زانیارایانەی کە لەڕێگەی ڕاوتەر و سویچ و وایەر و پێکهاتەکانی تری تٶڕەکانی نێتۆرکدا دەگوازرێنەوە لەنێوان سێرڤەری ماڵپەڕەکان و لەگەڵ کۆمپیوتەری بەکارهێنەران دا . بۆ چارەسارەی ئەم کێشەیەش پێویستە خاوەنی ماڵپەڕ یاخود گەشەپێدەری ماڵپەڕی پشت ببەستێت بە پرۆتۆکۆڵێکی وەک " HTTPS  " تا داتاو زانیاریەکانی بەکارهێنەران بە پارێزراوی بمێنتەوە چ لە ناو پێکهاتەکانی ماڵپەڕەکەدا بێت یاخود ئەو ساتانەی کە زانیاریەکانی بەکارهێنەر بە ئینتەرنێتدا تێپەڕ دەبن و دەگوازرێنەوە بۆ هەر شوێنێک کە جێگەی مەبەست بێت.

 

 هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەو کاتەی دەبینیت لە بەشی سەرەوەی برەوسەرەکەتدا ئەم ووشەیە " not Secure " دەنوسرێت و دەردەکەوێت، ئەوە مانای ئەوە دەگەیێنێت کە ئەو ماڵپەڕەی سەردانت کردووە ناتوانێت زانیاریەکانت بە پارێزراوی بهێڵێتەوە، چونکە هیچ پرۆتۆکۆڵێکی هاوشێوەی " HTTPS  " ی بەکار نەهێناوە تا بەرگری لە زانیاریەکانت بکات لەبەردەم هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا، بۆیە پێویستە لەم جۆرە ماڵپەڕانەدا زۆر بە وریای مامەڵە بکەیت بە داتا و زانیاری و فایلە تایبەتەکانتەوە ..!!

 

کاروان ئایتی

Copyright © 2018, Baban Institute Powered by Kurdsoft