فەیسبوک ژمارەی لایك و کۆمینتی پۆستەكان دەشارێتەوە
  2019-12-08       1438     

لە نوێترین گۆڕانكاریدا، کۆمپانیاى فەیسبوک، دەستدەكات بە شاردنەوەى لایکى پۆستەکان و لەمەودوا بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە كۆمەلایەتیە ناتوانن ژمارەى لایک و ریاكشنی پۆستی بەرامبەر ببینن.ئەو گۆڕانكاریەی لە فەیسبوكدا ئەنجامدەدرێت، بەجۆرێکە تەنها خاوەن پۆستەکان دەتوانن ژمارەى لایکى پۆستەکانى خۆیان ببینن، بەڵام كەسانی بەرامبەر توانای بینینی ژمارەی ئەو لایك و ریاكشنانەیان نابێت.

 

یەكەمین هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە وڵاتى ئوستڕالیاوە دەستىپێكردوە و لەمڕۆ هەینیەوە ئەو گۆڕانكاریەی فەیسبوك لەو وڵاتەدا تاقیدەكرێتەوە.

 

سەبارەت بە هۆکارى چالاککردنى ئەو تایبەتمەندیە، كۆمپانیای فەیسبوك رایگەیاندوە، لابردن و شاردنەوەی ژمارەی لایك و ریاكشنی پۆستەكان بە مەبەستی نەهێشتن و کەمکردنەوەى فشار و ئیرەیی بەکارهێنەرانە كە بەرامبەر یەكدی دروستدەبێت.

 

بەهۆى ئەو تایبەتمەندیەوە بەکارهێنەران دەتوانن زیاتر گرنگى بە کواڵیتى ناوەڕۆکى بڵاوکراوەکانیان و بەپێزی بابەتەكانیان بدەن

 

هاوكات وتەبێژێکى كۆمپانیای فەیسبوک لەوبارەیەوە رایگەیاندوە "بەهۆى ئەو تایبەتمەندیەوە بەکارهێنەران دەتوانن زیاتر گرنگى بە کواڵیتى ناوەڕۆکى بڵاوکراوەکانیان و بەپێزی بابەتەكانیان بدەن لەجیاتى ژمارەى ئەو لایك و ریاكشنانەی لەسەر پۆستەكانیان دەردەكەوێت".

 

لە هەمانكاتدا، بڕیارە پاش تاقیكردنەوەی هەنگاوە نوێیەكەی فەیسبوك لە وڵاتى ئوستڕالیا، ئەو كۆمپانیایە لە چەند وڵاتێکى دیکە تایبەتمەندیەكە کارابکات و دواتر بیخاتە بوای جێبەجێكردنەوە.

 

ژمارەی لایك و ریاكشنەكان سەرچاوەیەكی گرنگی بازرگانیە بۆ ئەوان

 

شاردنەوەی ژمارەی لایك و ریاكشنەكان لە فەیسبوك، لەلایەن ژمارەیەك كەسایەتی ناسراوی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بوە جێگەی رەخنە و رایانگەیاند "ژمارەی لایك و ریاكشنەكان سەرچاوەیەكی گرنگی بازرگانیە بۆ ئەوان و لە ئێستادا ئەو گۆڕانكاریە زیانیان پێدەگەیەنێت".

 

سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكە لە ئێستادا لە تاقیكردنەوەدایە، تا ئێستا كۆمپانیای فەیسبوك بە تەواوی بڕیارینەداوە بە هێشتنەوەی بڕیارەكە وەكو خۆی و درێژەپێدانی، یاخود پاشكشەكردن و هێشتنەوەی ژمارەی لایك و ریاكشنەكان.

 

ئەو هەنگاوەی كۆمپانیای فەیسیوك دواى ئەوەدێت، ماوەیەکە ژمارەى لایکى پۆستەکانى تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە لایەن هەمان كۆمپانیاوە شاردراوەتوە و بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە ناتوانن ژمارەى لایک-ی پۆستەكان ببینن.

 

خەندان 

 

Copyright © 2018, Baban Institute Powered by Kurdsoft