لینکەکەی تۆیۆتا؛ ئۆتۆمبێلی کۆرۆلا دەبەیتەوە یان زانیارییەکانت دەدزرێت؟
  2021-06-08       1336     

 

ماوەی چەند رۆژێکە لینکێک لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهان دەستاودەستی پێدەکرێت، گوایە لینکەکە هی کۆمپانیای تۆیۆتایە و بەشداربووان چانسی بردنەوەی ئۆتۆمبێلێکی نوێی تۆیۆتای جۆری کۆرۆلایان هەیە. بەڵام ئەو لینکە ساختەیە و لەو رێگەیەوە زانیارییە کەسییەکانت دەدزرێت.  لینکەکە لەسەر نووسراوە، "Toyota 80th Anniversary Celebration" واتە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی 80ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمپانیای تۆیۆتا. ئەوە لەکاتێکدایە کۆمپانیای تۆیۆتا لە ساڵی 1937 دامەزراوە و ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە 7-6-2021 هەژمار بکەین، ئەوا 83 ساڵ و نۆ مانگ و 11 رۆژ بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت.  دوو مانگ بەر لە ئێستا لینکێکی ساختەی دیکە بڵاوبووەوە کە ئەوجارەیان لە رێگەی ڤایبەرەوە بوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کەسێک بڕێک پارەی زۆری بردووەتەوە. هاوکات هەمان لینکی هاوشێوە بۆ کۆکاکۆلا هەیە. کێشەکە لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک کلیک لەو لینکانە دەکەیت، لینکە ساختەکە پڕیەتی لە ڤایرۆس و بەگ و لەو رێگەیەوە دێتەنێو کۆمپیوتەر یان ئەو ئامێرەی بەکاریدەهێنیت. ئەوەش وا دەکات ئەو زانیارییە کەسییانە و ئەو وشەنهێنییانەی لەو لینکەدا تۆماری دەکەیت، مەترسییەکی زۆریان لەسەربێت کە بدزرێن. ئەندازیار هونەر عەبدوللەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای جیهان مۆتۆڕس لە هەولێر کە لقی رێگەپێدراوی تۆیۆتایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە، ئەو لینکە ساختەیە و "ئێمە [وەکو کۆمپانیای تۆیۆتا] هیچ ئۆفەرێکی لەو جۆرەمان نییە بۆ بەخشینی ئۆتۆمبێلی کۆرۆلا یان هەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە." ئەو ئەندازیارە باسی لەوەشکرد، داوا لە خەڵک دەکەن ئەوە تەنیا کاتبەسەربردنە و هیچ دەستکەوتێکیان نابێت. "بۆیە ئەو لینکانە مەکەنەوە." هاوکات هەژار برنجی، بەڕێوەبەری تەکنیکی رووداو ئەو کارانە بە هەوڵی سیخوڕیکردنی هاککەرەکان دادەنێت کە لەو رێگەیەوە ڤایرۆس یان بەگ دەخەنە نێو ئەو ئامێرەی بەکاری دەهێنیت، بەتایبەتی کۆمپیوتەر و مۆبایل کە سیستمی ئەندرۆیدە، چونکە سیستمی ئای ئۆ ئێس پارێزراوترە.  ئامۆژگاریی بەڕێوەبەری تەکنیکی رووداو بۆ هاونیشتمانیان ئەوەیە کە دوور بکەونەوە لە کردنەوەی ئەو لینکانە و هۆشیاریی بەکارهێنانی ئامێرەئەلیکترۆنییەکانیان زیاتر بکەن. گوتی "ئاستی هۆشیاریی تەکنەلۆجیی خەڵکی ئێمە زۆر نزمترە لەو ئامێرانەی بەکاریان دەهێنن."  یەکێک لە گرفتەکانی دیکە کە پێویستە هاونیشتمانیان لەبارەیەوە هۆشیارییان زیاتر بکەن دانانی هەژماری ئەپڵ ئایدییە لە دووکانەکاندا کە نابێت بکرێت و بە گوتەی ئەو "مەترسییەکەی زۆر گەورەیە." ناردنی ئەو لینکە ساختەیەی تۆیۆتاش لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، بەشێکیان کە لە راستیی رووداوەکە گەیشتوون، داوا دەکەن بۆیان نەنێردرێت.  ئاودێر عەلی بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و لە ئیدارەی گەرمیانە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لەبارەی ئەو کێشەیەوە نووسیویەتی "خوا شوکرم وە بەشو. وە توێتاکە ناشوکروین، کۆکاکۆلایشی هاتە بان. لینکی مەسنجەر خەو و خۆراسی نەیەڵایین. مەردی خواون وازبێرن." یادگار ئەحمەد بەکارهێنەرێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "حاڵی حازر 18 نامەی لەو شێوەیەم بۆ هاتووە.. میلـلەتێکی نازانم بڵێم چۆنین، بەبێ زانیاری بەناودەکەوین." هەژار برنجی، بەڕێوەبەری تەکنیکی رووداو ئەوەشی گوت، "ئەگەر ئەو لینکەت کردووەتەوە، باشترە پاسپۆردی هەژمارەکەت بگۆڕیت، هاوکات لەڕێگەی دژەڤایرۆسەکانەوە لە کۆمپیوتەرەکەت گەڕانێک بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە کە هیچ جۆرە ڤایرۆس یان بەگێک نەچووەتە نێو کۆمپیوتەرەکەتەوە."

Copyright © 2018, Baban Institute Powered by Kurdsoft